الأحد، 6 فبراير 2011

میزانیه‌ی‌ ساڵی 2011ی عیراق په‌سه‌ند كرا و زیاتر له‌ 81 ملیار دۆلاره‌

خه‌ندان-
بڕی موازه‌نه‌ی‌ عیراق بۆ ساڵی 2011 گه‌یشتۆته‌ 96.6 ترلیۆنی دیناری عیراقی و بڕی 15.7 ترلیۆن دیناریشی كورتهێنان هه‌بووه‌.

حكومه‌تی‌ عیراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ میزانیه‌ی‌ ئه‌مساڵی دانا و بڕه‌كه‌شی 81.9 ملیار دۆلاره‌ ئه‌ویش دوای‌ زیادكردنی‌ سێ ملیار دۆلار بۆ سه‌ر ئه‌و بڕه‌ میزانییه‌یه‌.

میزانیه‌ی‌ ئه‌مساڵ له‌عیراق زیاتر له‌ 13.3 ملیار دۆلار كورتهێنانی‌ هه‌بووه‌ و به‌وته‌ی‌ وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیش، وه‌زیری دارایی سه‌رپشك كراوه‌، تا قه‌رز له‌ بانكی نێوده‌وڵه‌تی‌ و سندوقی نه‌ختی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بكات.

عه‌لی ده‌باغ وتیشی: "ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران میزانیه‌ی‌ ساڵی 2011ی عیراقی به‌ 96,6 ترلیۆن دیناری عیراقی داناوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ (81.9 ملیار دۆلار)ی ئه‌مریكی‌ و په‌سه‌ندیكرد، ئه‌ویش دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك به‌زیادكردنی‌ بڕی 3 ملیار دۆلار".

له‌ میزانیه‌ی‌ ئه‌مساڵی عیراقدا، 56.4 ملیار دۆلاری بۆ مووچه‌ و كرێكانه‌، هاوكات بڕی 25.4 ملیار دۆلاریش بۆ پرۆژه‌ وه‌به‌رهێنانه‌كانه‌، كۆی بڕی داهاتیش، 68.8 ملیار دۆلاره‌، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ 2.2 ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌ نه‌وت، به‌نرخی 76.5 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك كه‌ له‌نێویاندا 100 هه‌زار به‌رمیلی له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌یه‌.
ده‌باغ وتیشی: "بڕی كورتهێنان 15.7 ترلیۆن دیناره‌، كه‌ ده‌كاته‌ 13 ملیار دۆلار و له‌رێگه‌ی‌ سوود و قازانجی‌ ساڵی 2010 قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌".

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ وه‌زیری دارایی عیراق سه‌رپشك كرا به‌ قه‌رزكردن له‌ سندوقی نه‌ختی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌بڕی 4.5 ملیار دۆلار، هه‌روه‌ها قه‌رزكردن به‌بڕی 2 ملیار دۆلار له‌بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌.

پێشتریش ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراق بڕیاریدا به‌دابینكردنی‌ بڕی 900 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ هه‌مواركردنه‌كانی‌ پرۆژه‌بودجه‌ی‌ ساڵی 2011ی عیراق به‌مه‌به‌ستی‌ كڕینی‌ ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی‌ ئه‌مریكی‌ جۆری F16ی ئه‌مریكی‌، هاوكات بڕیاریشیدا به‌ دیاریكردنی‌ نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت و گۆڕینی‌ به‌ 76.5 دۆلار به‌رێژه‌ی‌ 2 ملیۆن به‌رمیل و 500 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌.

له‌لێدوانێكی‌ پێشوویدا بۆ سایتی‌ خه‌ندان، لیوا محه‌مه‌د عه‌سكه‌ری وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری عیراق وتی‌: "په‌سه‌ند كردنی‌ ته‌رخانكردنی‌ ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌دا دێت كه‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری عیراق ئیمزایكردوون له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری ئه‌مریكا به‌كڕینی‌ ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی‌ F16ی ئه‌مریكی‌".

وتیشی: "له‌مساڵدا به‌شی یه‌كه‌می‌ ئه‌و فڕۆكانه‌ ده‌گه‌نه‌ ده‌ست هێزی‌ ئاسمانی‌ عیراق كه‌ وه‌ك هه‌وڵێكه‌ بۆ به‌هێزكردنی‌ بواری هه‌وایی عیراق".

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری عیراق ئاماده‌ نه‌بوو له‌وه‌ زیاتر زانیاری بدات له‌باره‌ی‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ و ژماره‌ی‌ فڕۆكه‌كان كه‌ بۆ هێزه‌كانی‌ ئاسمانی‌ عیراق كڕدراون.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ هه‌ر له‌دانیشتنی‌ خۆیدا رۆژی‌ 26ی مانگی‌ رابردوو، ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بڕیاریدا نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی‌ هه‌نارده‌كراو، بكاته‌ 76.5 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێكی‌ رۆژانه‌ كه‌ ده‌ینێرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق