الخميس، 3 فبراير 2011

عێراقییە: داوای رەوتی سەدر بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن رەوا نییە

بەغدا 3 شوبات/فێبرایەر (ئاكانیوز) ـ ئەمڕۆ پێنجشەم سەركردەیەكی لیستی عێراقییە كە ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشتر سەرۆكایەتیی دەكات، رای گەیاند داواكەی رەوتی سەدر بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن رەوا نییە، هاوكات هۆشداری دا لەو پاشهاتانەی كە لە وڵاتدا روو دەدەن لە دۆخێكدا ئەگەر هاتوو هەڵبژاردنەكان دووبارە هاتنە ئەنجامدان.

پەرلەمانتار عەدنان دەنبووس بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند "داوای رەوتی سەدر بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن رەوا نییە، چونكە عێراق لە هەموو رووێكەوە جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا هەیە".

دەنبووس گوتی "لیستی عێراقییە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی ئێستە بەدوور دەزانێ لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە ئەو پشێوییانەی وڵاتانی ناوچەكەی گرتووەتەوە، لەگەڵ هەندێك هۆكاری تری سیاسی و كارگێڕی".

بەها ئەعرەجی ئەندامی بارستە "ئەحرار"ی سەر بەهاوپەیمانیی نیشتمانی پێشتر بە(ئاكانیوز)ی راگەیاندبوو "ڕەوتی سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستە و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنێكی تری پەرلەمان دەكات بۆ ئەوەی وڵات بەرەو دواڕۆژێكی نادیار نەچێ".

دەنبووس ئاماژەی بەوەش كرد "حكوومەتی نوێی عێراق هەشت مانگی خایاند تا بارستە سیاسییەكان لەسەر پێكهێنانی رێك كەوتن".

لە تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری ڕابردوودا سەرانی بارستە سیاسییەكان ڕێككەوتن لەسەر دەستپێشخەرییەكەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە برێتیی بوو لە نوێكردنەوەی ماوەی دەسەڵاتی نووری مالیكی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، دامەزراندنی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نشتمانیی سیاسەتە باڵاكان بەسەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە.

دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی هەرێم بووە هۆی پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوبەشیی نیشتمانی، بەڵام تا ئێستە ئەو ئەنجوومەنە نەهاتووەتە پێكهێنان، بەهۆی بوونی ناكۆكیی لەسەر دەسەڵاتەكانی ئەو پۆستە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بەحكوومەتی مالیكی دا كە پێكهاتووە لە 42 پۆستی وەزارەت لەناویاندا 12 وەزارەتی دەوڵەت، مالیكی خۆی وەزارەتە تەناهییەكان بەوەكالەت بەڕێوە دەبات تا دیاریكردنی پاڵاوكەكان، وەزارەتەكانی تریش لەلایەن جێگرانی سەرۆك وەزیرانەوە بەوەكالەت بەڕێوە دەچن.

تا ئێستە ناكۆكییەكانی نێوان بارستە سیاسییەكان لەبارەی پاڵاوكەكانی پۆستە تەناهییەكان بەتایبەتی هەردوو پۆستی وەزارەتی ناوەخۆ و بەرگری، بەردەوامە.

سەرەڕای ئەوەی لایەنەكان ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی پۆستی وەزارەتی ناوەخۆ بۆ هاوپەیمانیی نیشتمانی و بەرگریش بۆ لیستی عێراقییە بێ، بەڵام هەر لایەنێك پاڵاوكی لایەنەكەی تر ڕەت دەكاتەوە بەبیانووی نەبوونی بێلایەنی و لێهاتووییی پاڵاوكەكان.

پێشتریش ڕێككەوتن كراوە لەسەر پێدانی پۆستە تەناهییەكان بەكەسانی سەربەخۆ.

لە ویسام جاف، ن: مستەفا سەباح، و: كارزان كانەبی

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق