خه‌ندان ـ هه‌رێز جه‌مال ـ
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانیی خۆی بۆ رووداوه‌كانی سلێمانی ده‌ربڕی‌و وتی: هه‌ر دڵۆپه خوێنێك له لوتی هه‌ر كه‌سێكی ئه‌م هه‌رێمه بێت جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌و پرسه‌و سه‌ره‌خۆشیی بۆ قوربانییانی كاره‌ساته‌كه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه نارد، سه‌رۆكی حكومه‌ت داواشیكرد نه‌هێڵرێت كه‌س یاری به توندوتیژیی بكات‌و وه‌ك كوڕێكی شاره‌كه‌ش رووی كرده ئه‌وانه‌ی فرمێسكی تیمساحی ده‌رژێنن وتی: "سلێمانی وا لێمه‌كه‌ن".
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی ته‌ندروستی له شاری سلێمانی كرده‌وه‌و له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نو‌وسیدا تیشكی خسته سه‌ر دوایین ئه‌و پێشهاتانه‌ی كه له چه‌ند رۆژی رابردوودا له شاری سلێمانی كه‌شێكی ئاڵۆزی لێكه‌وته‌وه.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد: "به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانین، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و داواكاریی‌و مافانه له چوارچێوه‌ی یاسادا بێت"، له‌باره‌ی ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه وتی: "بڕوایه‌كی ته‌واویشمان به ئۆپۆزسیۆن هه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست، چۆن ئێمه ئه‌ركی خۆمانه له هه‌وڵی دابینكردنی ئه‌من و ئاسایشی هاوڵاتییان و سه‌روه‌رییه‌كانی وڵات و دابینكردنی ژیانێكی خۆشدا بین، به هه‌مانشێوه ئه‌ركی ئۆپۆزسیۆنه ره‌وشه‌كه به‌ره‌و ئاوه‌دانی به‌رێت".
رۆژی (17)ی ئه‌م مانگه له شاری سلێمانی خۆپیشاندانێك روویداو پاشان له سنو‌وری خۆی ده‌رچو‌و و چه‌ند كه‌سێك هێرشیان كرده سه‌ر لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان و ته‌قه‌ی لێكه‌وته‌وه‌و یه‌كێك كوژراو زیاتر له په‌نجا كه‌سیش برینداربوون.
سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌باره‌ی ئه‌م رووداوه‌وه وتی: "ئه‌و ر‌ووداوه به‌لای ئێمه‌وه كاره‌ساتێكی جه‌رگبڕ بوو، بۆیه به‌ئاسانی ناهێڵین تێپه‌ڕبێت‌و لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمان له‌لایه‌ن به‌ڕێز محمه‌د قه‌ره‌داغی، سكرتێری یاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و هه‌روه‌ها به یاریده‌ده‌ری چه‌ندین كه‌سی پسپۆڕ‌و یاسایی لێپێچینه‌وه‌ی وردی ئه‌و كێشه‌یه ده‌كه‌ینه‌وه‌و له ئێستاوه هیچ شتێك له خۆمانه‌وه ناڵێن تاوه‌كو ئه‌و لیژنه‌یه كاره‌كانی خۆی ئه‌نجامده‌دات".
سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌مووانیشی له‌وه دڵنیا كرده‌ه‌وه، كه گێره‌شێوێنه‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌پشت ئه‌و رووداوه‌وه بوون ده‌درێنه دادگا.
د.به‌رهه‌م وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت و كوڕی خه‌مخۆری شاری سلێمانی وتی: "با كه‌سانێك نه‌بنه رێگر له‌به‌رده‌م كاروانی ئاوه‌دانیی ئه‌م وڵاته‌و نه‌هێڵین ئه‌م شاره بكرێته مه‌یدانی ململانێ"، وتیشی:"بۆیه ده‌یڵێمه‌وه كه نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌و بارگرژیی و هه‌وڵدان بۆ تێكدانی ئارامیی‌و ژیانی هاوڵاتییان، نه‌ك ته‌نها زه‌ره‌ری بۆ حكومه‌ت ده‌بێت، زه‌ره‌ری بۆ هاوڵاتییانی ئه‌م شاره‌ش ده‌بێت، بۆیه پێویسته به هه‌موومان به‌رگریی لێبكه‌ین‌و په‌یاممان بۆ هه‌موو رۆشنبیران و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنیش نا بۆ توندوتیژیی بێت".
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه كه وه‌ڵاممان له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان بۆ گێره‌شێوێنان بریتییه له درێژه‌دانمان به كاره‌كانی خۆمان‌و پرۆسه‌ی ئا‌وه‌ده‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌و كه‌سانی دڵسۆزیش ئه‌و راستییه باش ده‌زانن.
سه‌رۆكی حكومه‌ت داوایكرد له‌وانه‌ی كه به ناوی سلێمانچێتییه‌وه فرمێسكی تیمساحی بۆ ئه‌م شاره ده‌ڕێژن، ئیتر وازبهێنن له سلێمانی‌و نه‌یكه‌نه شوێنی ململانێ.
د.به‌رهه‌م ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه كرد، "لێكۆڵینه‌وه‌ی جدیی ده‌كه‌ین و ئه‌وانه‌ی مه‌سئولی ئه‌م كاره‌ن ده‌به‌ینه به‌رده‌م دادگا، چونكه ئه‌مه نه موشكیله‌ی پارتییه نه موشكیله‌ی یه‌كێتییه نه موشكیله‌ی گۆڕانه، ئه‌مه موشكیله‌ی كه‌سانێكه كه به‌ناوی ئازادییه‌وه ده‌یانه‌وێت ئازادییه‌كان پێشێل بكه‌ن".
سه‌باره‌ت به‌و هێزه‌شی له هه‌ولێره‌وه هاتووه‌ته سلێمانی له وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووساندا ئه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی وتی له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی حكومه‌ت بووه، د.به‌رهه‌م وتی: دیاره مه‌به‌ستی كاك نێچیر له‌وه بووه كه هێز له ده‌ستی حیزب‌دا نییه‌و ئه‌و هێزه‌ی هاتوون به‌شێكن له ده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق