الخميس، 3 فبراير 2011

فەیسبووك بەگەورەترین نەیاری سەرۆكی میسر دادەنرێ

هەولێر 3 شوبات/فێبرایەر (ئاكانیوز)- تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وەك بەرچاوترین ركابەری حوسنی موبارەك سەرۆكی میسر لە ماوەى چەند مانگی دادەنرێ، بەتایبەت لە ماوەى 10 رۆژی رابردوو كە 5 ملیۆن بەكاربەرەكەى فەیسبووك لە میسر لە رێكخستنی ناڕەزایەتییەكانی ناوەخۆیی سوودی باشیان لێ بینی.

ماڵپەڕی رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمەریكایی شەوی رابردوو بڵاوی كردەوە، میسر بە 5 ملیۆن بەكاربەری تۆڕی فەیسبووكەوە لەناو وڵاتانی عەرەبدا خاوەنی پترین رێژەى بەكاربەری فەیسبووكە و لە رووماڵكردنی رووداوەكانی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەكاندا بۆ "رووخاندن"ی دەسەڵاتی موبارەك سوودیان لێ وەردەگرن.

فەیسبووك، لە پەنای گووگڵ و تویتەر كە 3 پێگەى بەهێزی پێوندییەكانی سەر ئینتەرنێتن، بەڵێنیان داوە بەهاوكاریی یەكتری ئەو بۆشایییەى نەبوونی پێوەندییەكانی ئەلێكترۆنی لە میسر پڕ بكەنەوە، چونكە بەهۆی نائارامییەكانی میسرەوە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كێشەیان لە تۆڕەكانی پێوەندی خستووە.

لە سێشەمی هەفتەى رابردووەوە رێپێوانێكی بەربڵاو قاهیرە و شارەكانی تری میسری گرتووەتەوە، خۆپێشاندەران داوای گۆڕانكاریی ئابووری و سیاسی دەكەن، ئەو دۆخە تا ئەمڕۆ بەردەوامە و ناڕەزایەتییەكان بەربڵاوتر بوونە كە كوژرانی زیاتر لە 300 كەس و برینداربوونی نێزیكەى هەزاری تری لێ كەوتووەتەوە.

هـاوار بازیـان

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق